ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌روه‌كو چۆن ئه‌ندامانی جه‌سته‌مان دووچاری نه‌خۆشی دێت ئاوه‌هاش باری ده‌روونیمان ئه‌گه‌ری تووشبوونی به‌ئاڵۆزی یان تێكچوون و نه‌خۆشی هه‌یه، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا تاك بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه جه‌سته‌ییه‌كانی ئاماده‌یه سه‌ردانی چه‌ندین پزیشك بكات یاخود سنووری چه‌ند وڵاتێك ببڕێت و به‌هه‌زاران دۆلار خه‌رج بكات بۆ گێڕانه‌وه‌ی ته‌ندروستی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ئاماده نییه له‌كاتی بوونی په‌شێوی ده‌روونی یان نه‌خۆشی ده‌روونی سه‌ردانی پزیشكێك یان توێژه‌رێك یان سه‌نته‌رێكی تایبه‌تمه‌ند بكات. شاردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته ده‌روونییه نائاساییه‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له‌و كه‌لتوره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه‌نه‌خۆشی و ئاڵۆزییه ده‌روونییه‌كان به‌عه‌یبه و خاڵی لاوازی كه‌سێتی ده‌زانین. نابێت ئه‌و ڕاستییه له‌یاد بكه‌ین كه فه‌رامۆشكردنی كێشه ده‌روونییه‌كان ڕه‌وشی ده‌روونی تاك ئاڵۆزتر ده‌كات و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ حاڵه‌ته ده‌روونییه‌كه سه‌ختتر و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ش له‌تێكشكانی ته‌واوه‌تی نزیكتر ده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌موو نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی وه‌ك هه‌موو نه‌خۆشییه‌كی جه‌سته‌یی چاره‌سه‌ری زانستییانه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه جگه له‌چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی ژیری نه‌بێت وه‌ك شیزۆفرینیا كه‌ده‌كرێت به‌رامبه‌ر نه‌خۆشی شێرپه‌نجه هه‌ژمار بكرێت كه‌تووشی ئه‌ندامانی جه‌سته ده‌بێت و چاره‌سه‌ری زۆر سه‌خت یاخود مه‌حاڵه. به‌داخه‌وه ده‌بینین و ده‌بیستین كه‌زۆرێك له‌خێزانه‌كان نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانی ڕۆڵه‌كانیان ده‌شارنه‌وه یان به‌هه‌ند وه‌ریناگرن. بۆنموونه ئه‌گه‌ر كچێكیان باری ده‌روونی ئاڵۆز بێت به‌و بیانووه‌ی ترسیان هه‌یه له‌چاره‌نووسی كچه‌كه‌یان كه‌ئه‌گه‌ر بزانرێت باری ده‌روونی ئاڵۆز بووه ڕه‌نگه داواكاری نه‌بێت، یان بۆ كوڕه‌كه‌یان ڕه‌نگه كه‌س ئاماده نه‌بێت كچی بداتێ له‌ئایینده‌دا. ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه نادروستانه هێنده‌ی تر ژیانی ڕۆڵه‌كانیان تاڵتر ده‌كات و باره ده‌روونییه‌كانیشیان بێ چاره‌سه‌ر ده‌مێنێته‌وه كه‌ئایینده‌شیان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌كات و ساتی خۆیدا خێزان به‌ده‌م كێشه و گرفته ده‌روونییه‌كانی ڕۆڵه‌كانییه‌وه بچێت و به‌عه‌یبه‌ی نه‌زانێت ئه‌وا ژانكۆی ڕۆڵه‌كانی ناهێڵێت و ئایینده‌شیان له‌كیس نادات.
پێویسته هه‌موو تاكێك نه‌ك ته‌نها له‌كاتی تووشبوونی به‌نه‌خۆشی ده‌روونی سه‌ردانی پسپۆری ده‌روونی بكات به‌ڵكو له‌كاتێكدا دووچاری فشار و ئاڵۆزی ده‌روونیش دێت. بۆنموونه هه‌ر تاكێك ئه‌گه‌ر له‌دوو هه‌فته زیاتر خه‌وی تێكچوو یان ئیشتیهای خواردنی تێكچوو بۆ چه‌ند ڕۆژێكی به‌رده‌وام یان هه‌ستی به‌دڵته‌نگی و نائارامی كرد یان زوو ماندوو بوو له‌كاركردندا یان هه‌ستی كرد وه‌ك جاران حه‌ز به‌تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تی ناكات و گۆشه‌گیری لاپه‌سه‌نده، پێویسته له‌م حاڵه‌تانه‌دا سه‌ردانی ڕاوێژكارێكی ده‌روونی بكات، چونكه له‌م قۆناغه‌دا چاره‌سه‌ر و ڕێنمایی دروست باره ده‌روونییه ئاڵۆزه‌كه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه فه‌رامۆشكردن ده‌بێته هۆی گۆڕانی باره ده‌روونییه‌كه بۆ نه‌خۆشی ده‌روونی.....وه‌رگرتنی سه‌رچاوه مالپه‌ڕی ده‌روونناسی
No comments:
Post a Comment