
نووسینی : د. دارا عه‌بدوڵا حه‌مه سه‌عید
پسپۆری نه‌خۆشییه‌کانی هه‌ناو
و کاندیدی بۆردی نه‌خۆشییه ده‌روونی و ده‌مارییه‌کان
میزبه‌خۆداکردن بریتیه له‌نه‌بوونی توانا بۆ ڕاگرتنی میز به‌شێوه‌یه‌کی خۆنه‌ویست ( لاارادي ) ، ئه‌م میز کردنه به‌خۆدا له‌شه‌ودا یان له‌ڕۆژ یان له‌هه‌ردووکیاندا ڕووئه‌دات . ئه‌م حاڵه‌ته حاڵه‌تێکی ناوازه نیه و دیارده‌یه‌کی بڵاوه له‌ته‌مه‌نه جیاوازه‌کاندا و له‌ژێر ته‌مه‌نی ( 3 ) ساڵیه‌وه به‌حاڵه‌تێکی ئاسایی داده‌نرێت ، به‌ڵام دوای ته‌مه‌نی سێ تا پێنج ساڵی پێویست ده‌کات به‌دواداچوون و پشکنین بکرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆکار و چاره‌سه‌رکردنی . میز به‌خۆدا کردنی خۆنه‌ویستانه له‌پاش ته‌مه‌نی پێنج ساڵی به‌حاڵه‌تێکی نائاسایی دائه‌نرێت له‌کاتێکدا هیچ هۆکارێکی جه‌سته‌یی یان ده‌روونی ئاماده‌ییان نه‌بێت ، ئه‌م حاڵه‌ته نائاساییه له ڕه‌گه‌زی نێردا زیاتره وه‌ک له مێ ، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته‌ی که له‌ڕۆژدا ڕووئه‌دات له‌مێیینه‌دا زیاتره وه‌ک له‌نێر ، له‌و که‌سانه‌دا زیاتره که نه‌خۆشی ده‌روونی یان ته‌نگژه‌ی ده‌روونییان له‌گه‌ڵدایه .
له‌دیارده‌ی میز به‌خۆ کردندا بۆماوه ( وراثة ) ڕۆڵی خۆی هه‌یه ، ده‌رکه‌وتووه ئه‌و خێزانانه‌ی که یه‌کێک یان زیاتر له‌ئه‌ندامه‌کانیان ئه‌م حاڵه‌ته‌یان هه‌یه ئه‌وا له‌وه‌چه‌کانی داهاتوودا زیاتر ڕووئه‌دات ، که‌واته ڕۆڵی بۆماوه په‌یوه‌ندی ته‌واوی هه‌یه به‌دیارده‌ی میز به‌خۆداکردن . له‌و خێزانانه‌ی که قه‌ره‌باڵغن یان که‌م ده‌رامه‌تن ئه‌م دیارده‌یه زیاتره ، هه‌روه‌ها له‌بیرکۆڵ و ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌نگژه‌ی ده‌روونیان هه‌یه زیاتره .
له‌کاتی ده‌رکه‌وتنی دیارده‌ی میزبه‌خۆداکردن یه‌که‌مجار ئامۆژگاری که‌سه‌که ده‌کرێت به‌که‌م خواردنه‌وه‌ی شله‌مه‌نی و چا له‌کاتی شه‌ودا ، هه‌روه‌ها به‌ڕێنمایی کردنی ئه‌و که‌سه به‌میزکردن پێش نووستن و هه‌ستاندنی که‌سه‌که له‌خه‌و له‌لایه‌ن که‌سوکاریه‌وه به‌مه‌به‌ستی میزکردن . ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه سوودیان نه‌بوو ئه‌وسا ده‌ستده‌کرێت به‌پشکنینی تاقیگه‌یی بۆ که‌سه‌که چونکه زۆرجار چه‌ند هۆکارێکی وه‌ک هه‌وکردنی گورچیله‌کان و میزه‌ڵدان و کۆئه‌ندامی زاووزێ له مێینه و هه‌وکردنی پرۆستات و بۆری میز ( میزه‌ڕۆ ) له‌نێرینه‌دا ، هه‌روه‌ها هه‌وکردنی کۆئه‌ندامی هه‌ناسه و ده‌مار و ئاڵووه‌کان ( لوزتین ) و هه‌وکردنی کۆئه‌ندامی هه‌رس وه‌ک بوونی کرم له‌ڕیخۆڵه‌کاندا ، ئه‌مانه تێکڕا هۆکارن بۆ ئه‌م حاڵه‌ته .
تێکچوونی باری ده‌روونی و نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کانیش زۆرجار هۆکاری ئه‌م حاڵه‌ته‌ن . که‌واته پێویسته له‌سه‌ر پزیشک پشکنینی میز و پیسایی ئه‌نجامبدات ، هه‌روه‌ها وێنه‌ی تیشکی گورچیله‌کان و کۆئه‌ندامی میز و زاووزێ و پشکنینی سۆنار ئه‌نجامبدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری ئه‌م حاڵه‌ته . هه‌روه‌ها پشکنینی کۆئه‌ندامی ده‌مار و ده‌روون بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆکاری نه‌خۆشییه ده‌روونیه‌کان له‌که‌سه‌که‌دا . ئه‌گه‌ر ئه‌م پشکنینانه فه‌رامۆشکرا ئه‌وا دیاریکردنی سه‌رچاوه و هۆکاری ئه‌م حاڵه‌ته فه‌رامۆش ده‌کرێت . ئه‌گه‌ر له‌م پشکنینانه‌دا هیچ هۆکارێکی جه‌سته‌یی نه‌دۆزرایه‌وه ئه‌وسا په‌نا ده‌برێته به‌ر هۆکاره ده‌روونییه‌کان بۆ ده‌سنیشانکردنی هۆکاره‌که .
میزبه‌خۆداکردن له‌ڕۆژدا له‌مێدا زیاتره وه‌ک له‌نێر له‌وانه‌ی که باری ده‌روونییان ئاڵۆزه .
ئامۆژگاریمان بۆ ئه‌و دایک و باوکانه‌ی حاڵه‌تی میزبه‌خۆداکردن له‌ناو خێزانه‌کانیاندا هه‌یه گاڵته‌جاڕی و سووکایه‌تی نه‌که‌ن به‌و ئه‌ندامانه‌ی خێزانه‌کانیان که ئه‌م حاڵه‌ته‌یان له‌گه‌ڵدایه ، هه‌روه‌ها نابێت سزای ئه‌و منداڵانه بدرێت له‌م باره‌دا چونکه ئه‌م شێوازه هه‌ڵانه حاڵه‌ته‌که ئاڵۆزتر ده‌کات و ڕێگه ده‌گرێت له‌چاره‌سه‌رکردنی . به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه هاندانی منداڵ به‌کڕینی دیاری و به‌خشینی خه‌ڵات له‌لایه‌ن دایک و باوکه‌وه بۆ هه‌رجارێک له‌کاتی هه‌ستان له‌خه‌و بێئه‌وه‌ی جێگه‌ی ته‌ڕ کردبێت ده‌بێته مایه‌ی دوور که‌وتنه‌وه‌ی منداڵ له‌م حاڵه‌ته و زاڵبوون به‌سه‌ریدا . هه‌روه‌ها ده‌بێت ژیانی منداڵه‌که ڕێکبخرێت و ئامۆژگاری بکرێت به‌که‌م خواردنه‌وه‌ی شله‌مه‌نی و چا و قاوه به‌تایبه‌تی له‌شه‌ودا ، میزکردنی منداڵه‌که پێش نووستن ، بێدارکردنه‌وه‌ی منداڵ له‌خه‌و له‌لایه‌ن که‌سه نزیکه‌کانییه‌وه ، ده‌ربڕینی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ منداڵه‌که ، ڕۆڵێکی گه‌وره ده‌گێڕن له‌زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌دا .
له‌مرۆڤی گه‌وره‌ش ( پێگه‌یشتوو ) دا چاره‌سه‌رکردنی باری ته‌ندروستی گشتی نه‌خۆشه‌که پاش ئانجامدانی هه‌موو پشکنینه په‌یوه‌ندداره‌کان به کۆئه‌ندامی میز و زاووزێ و هه‌رس و هه‌ناسه و ده‌مار و باری ده‌روونی ، ده‌توانرێت ئه‌م حاڵه‌ته کۆتایی پێبهێنرێت .
چاره‌سه‌رکردن :
1- هاندانی که‌سه‌که و خه‌ڵات کردنی به‌رامبه‌ر ئه‌و جارانه‌ی که جێگه‌که‌ی به‌ووشکی ده‌مێنێته‌وه ، واته میز به‌خۆیدا ناکات .
2- که‌م خواردنه‌وه‌ی شله‌مه‌نی و ئاو و چا و قاوه له‌شه‌ودا و میزکردن پێش چوونه ناو جێگا .
3- به‌کارهێنانی هه‌ندێ جۆری ده‌رمان که کاریگه‌رن له‌سه‌ر وه‌ستاندنی خۆ ته‌ڕکردن .
سه‌رچاوه : مالپه‌ڕی ده‌روونناسی
گۆڤاری سایک / ژماره 8 / 2006
No comments:
Post a Comment