پێستی مرۆڤ وه‌ک گه‌وره‌ترین ئه‌ندامی جه‌سته‌ی مرۆڤ وێڕای ئه‌وه‌ی ڕواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه له‌هه‌مان کاتدا ده‌کرێت وه‌ک ئاوێنه‌یه‌ک لێیبڕوانرێت که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناخ و ده‌روونی مرۆڤ بێت و هه‌ڵچوون و هه‌ست و نه‌ست و سۆز و کێشمه‌کێشه‌کانی ناو ده‌روونی ده‌ربخات. پێست و کۆئه‌ندامی ده‌مار هه‌ردووکیان له‌چینی ده‌ره‌وه‌ی پێکهاته‌ی کۆرپه‌له‌وه دروست ده‌بن ، هه‌روه‌ها پێست زیاتر له‌هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی تری جه‌سته ده‌مار و وردیله ده‌مار و بۆریچکه و مولووله‌ی خوێن له‌خۆ ده‌گرێت ، ئه‌و په‌یوه‌ندیه ڕاسته‌وخۆیه‌ی پێست هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ کۆئه‌ندامی ده‌مار و ئه‌و ڕژێنانه‌ی زینده ماده ده‌ڕێژن و سوڕی خوێندا وایکردووه که به دوو ئاڕاسته کارلێکردن ڕوووبدات ، له‌لایه‌ک له‌هه‌ندێ باردا که باری ده‌روونیمان شڵه‌ژا و تێکچوو ئه‌وا پێستیش پشکی خۆی به‌رده‌که‌وێت و گۆڕانکاری تیا ڕووده‌دات ، له‌لایه‌کی تره‌وه زۆر جار تێکچوونی پێست و هه‌ندێ نه‌خۆشی تایبه‌ت به‌پێست کار له‌باری ده‌روونیمان ده‌که‌ن ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێته‌وه که نه‌ک هه‌ر نه‌خۆشیه‌کانی زامی گه‌ده و ڕیخۆڵه و شه‌کره و فشاری خوێن و ته‌نگه نه‌فه‌سی و هه‌ندێ جۆری پشت ئێشه و ڕوماتیزمی جومگه‌کان و … هتد ، زاده‌ی فاکته‌ره ده‌روونیه‌کانن به‌ڵکو ته‌نانه‌ت هه‌ندێ نه‌خۆشی تایبه‌ت به پێستیش به‌هه‌مان شێوه ده‌رئه‌نجامی فاکته‌ره ده‌روونیه‌کانن و تێکڕا هاوشانی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا ده‌که‌ونه لیستی نه‌خۆشیه سایکۆسۆماتیه‌کانه‌وه ( جه‌سته‌ییه _ ده‌روونیه‌کان ) ( Psychosomatic Diseases ) .ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان ده‌روون و جه‌سته دووباره ڕامانده‌کێشێته‌وه بۆ ئه‌و ڕاستیه‌ی که جه‌سته و ده‌روون دوو یه‌که‌ی جیاوازنین له‌یه‌کدی به‌ڵکو هه‌ردووک پێکه‌وه یه‌که‌یه‌کی یه‌کانگیر پێکده‌هێنن و تێکچوونی لایه‌کیان کار له‌لاکه‌ی تر ده‌کات .ساده‌ترین نموونه بۆ ده‌رخستنی په‌یوه‌ندی نێوان پێست و باری ده‌روونی ئه‌و بۆچوونانه‌یه که له‌ئاخاوتنی ژیانی ڕۆژانه‌ماندا ده‌یانبیستین ، فڵان که‌س له‌ترسا ڕه‌نگی سپی هه‌ڵگه‌ڕا ، ئه‌وی تر له‌خه‌فه‌تا ڕه‌نگی ڕه‌ش داگیرساوه ، له‌شه‌رما سوور هه‌ڵگه‌ڕا ، له‌ته‌ریقیدا زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا و … هتد ، تێکڕا ئه‌م ده‌سته‌واژانه له‌ئاخاوتندا گوزارشت له کارتێکردنی هه‌ڵچوونه‌کان ده‌که‌ن له‌سه‌ر پێست . ئه‌م کارتێکردنانه لای که‌سانی ئاسایی ڕووده‌ده‌ن ، به‌ڵام لای ئه‌و که‌سانه‌ی که هه‌ڵچوونه ده‌روونی و ململانێ ناوه‌کیه‌کانیان بۆ ماوه‌ی درێژ ده‌مێننه‌وه و ده‌چه‌پێندرێن ئه‌وا بێگومان ئه‌م ڕه‌وشه کار له ناوه‌نده کۆئه‌ندامی ده‌مار و کوێره ڕژێنه‌کان ده‌کات ئه‌مانیش له‌ڕێی خۆیانه‌وه له چه‌ند جۆرێک له نه‌خۆشی پێستدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌که‌ن ، نموونه‌ی هه‌ندێ له‌و نه‌خۆشیانه‌ی پێست که له‌ئه‌نجامی فشاری ده‌روونی و دڵه‌ڕاوکێ و تووڕه‌بوون و هه‌ڵچوونه به‌تینه‌کانی تره‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن : ئه‌کزیما ( Eczema – ده‌رکه‌وتنی په‌ڵه‌ی سوور له‌سه‌ر پێست ) ، پێست خوران ، زیاد ده‌ردانی عه‌ره‌ق ، هه‌ندێ جۆری قژ هه‌ڵوه‌رین ، ده‌رکه‌وتن و زیادبوونی زیپکه ، سه‌ده‌ف و گه‌له‌ێک نه‌خۆشی تر. ڕاڤه‌کردنی ده‌روونیانه‌ی نه‌خۆشیه‌کانی پێست له‌زۆر باردا یارمه‌تیمان ئه‌دا له‌تێگه‌یشتنی فاکته‌ره ده‌روونیه‌کانی پشت نه‌خۆشیه‌که ، بۆ نموونه ، قژ هه‌ڵوه‌رینی مناڵ وه‌ک باوه له‌پاش تووشبوونی مناڵ به‌خه‌م و په‌ژاره‌وه ڕووده‌دات که‌به‌هۆی له‌ده‌ستدانی که‌سێکی خۆشه‌ویستیه‌وه که له‌ڕووی سۆزه‌وه پابه‌ند بووه پێی تووشی ده‌بێت ، هه‌روه‌ها سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشی ئه‌کزیما له مناڵ‌دا گوزارشته له بێبه‌شبوون یان که‌می سۆز و خۆشه‌ویستی به‌خشراو به مناڵ ، به‌ڵام قژ هه‌ڵوه‌رین لای گه‌وره‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌وجۆره‌ی به ( الثعلبة ) ناسراوه گوزارشت له هه‌ستی شه‌ڕه‌نگێزی و ترس و تووڕه‌بوون ده‌کات که نه‌توانراوه ده‌رببڕدرێت و هه‌رکاتێک هه‌لی ده‌ربڕین ڕه‌خسا بۆ ئه‌م هه‌ڵچوونانه ئه‌وا حاڵه‌ته‌که به‌ره‌وباشی ده‌چێت و مووه‌کانی سه‌ر گه‌شه ده‌که‌نه‌وه . هه‌روه‌ها نه‌خۆشی پێستی دیکه وه‌ک ده‌رکه‌وتنی ئه‌و په‌ڵانه‌ی که ئاره‌زوویه‌کی به‌تین بۆ خوراندن هاوه‌ڵی ده‌کات ئه‌وا هێمایه بۆ گریانی چه‌پێندراو واته ئه‌و گریانه‌ی له‌ناخدا په‌نگ ده‌خواته‌وه و فرمێسکه‌کان ڕێچکه‌ی هاتنه ده‌ره‌وه ناگرن ، هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ی زۆر ناوگه‌ڵ و ئه‌ندامه سێکسیه‌کانیان ده‌خورێنن ئه‌وا گوزارشته له ئاره‌زووی سێکسی که نه‌توانراوه تێر بکرێت و چه‌پێندراوه . هه‌روه‌ها زۆرێک له ده‌روونناسان جه‌خت له گرنگی پاڵنه‌ره سێکسیه چه‌پێندراوه‌کان ده‌که‌نه‌وه له‌ڕوودانی هه‌ندێ حاڵه‌تی پێست و سه‌رهه‌ڵدانی زیبکه‌ی سه‌رده‌می هه‌رزه‌کاریش بۆ ئه‌مه ده‌گه‌ڕێننه‌وه ئه‌گه‌رچی هۆکاری تریش به‌شداره له په‌یدابوونیدا .ڕوویه‌کی تری په‌یوه‌ندی پێست به‌باری ده‌روونی مرۆڤه‌وه بریتیه له کاریگه‌ری پێست له‌سه‌ر باری ده‌روونی ، هه‌ندێ جار بوونی شێواویه‌ک یان په‌ڵه‌یه‌ک یان هه‌رشتێکی تر له‌سه‌ر پێست ده‌بێته هۆی ژانکۆیه‌کی گه‌وره بۆ که‌سه‌که و تووشی باری ده‌روونی ئاڵۆزی ده‌کات که هه‌ندێ جار ده‌گاته ئه‌وه‌ی لێیده‌بێت به‌گرێی ده‌روونی و به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک کار له‌ڕه‌فتار و بیرکردنه‌وه و هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌کات که خۆی گۆشه‌گیر ده‌کات و له‌هه‌ڵوێسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌سڵه‌مێته‌وه و ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ده‌بێته خه‌می گه‌وره و سه‌رقافڵه‌ی هه‌موو بایه‌خپێدانه‌کای ژیانی ، وه ڕه‌نگه ئه‌م ژانکۆ ده‌روونیه دووباره ببێته‌وه به‌فاکته‌رێک بۆ زیاد بوونی هه‌ڵچوونه‌کانی پێست و ئاڵۆزبوونی باری پێستی که خۆی له‌ده‌ستی ده‌ناڵێنێت . جاری وا هه‌یه که‌سانێک به ڕه‌نگی پێستی خۆیان قایل نین و هه‌وڵی گۆڕینی ڕه‌نگی پێست ده‌ده‌ن ، یاخود ئه‌و هه‌رزه‌کارانه‌ی که پێستیان تووشی ده‌رکه‌وتنی زیپکه ده‌بێت زۆربه‌یان ( به‌تایبه‌تی له‌م ڕۆژگاره‌دا ) کاتێکی زۆر به‌شتنی ده‌موچاو و به‌کارهێنانی جۆره‌ها سابونی تایبه‌تی و کرێم و مه‌رهه‌م و ماده‌ی تر خه‌رج ده‌که‌ن و هه‌میشه له‌هه‌وڵی په‌یداکردنی ماده‌ی نوێ و ڕێگه‌ی نوێدان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ژانکۆکانیان که له‌ده‌ست تێکچوونی پێستیانه‌وه تووشیان هاتووه و پێی نائارام بوون . ڕه‌نگه ده‌رمانخانه و پزیشکه پسپۆره‌کانی جوانکاری و ساڵۆنه‌کانی جوانکاری باشترین گه‌واهی بن بۆ ئه‌م ڕاستیه .به‌گشتی په‌یوه‌ندی نێوان ژیانی ده‌روونی مرۆڤ و پێست په‌یوه‌ندیه‌کی فره لایه‌نه که‌ده‌کرێت له‌چوار پۆلدا کۆبکرێنه‌وه ، یه‌که‌م : ئه‌و تێکچوون و نه‌خۆشیانه‌ی پێست که هۆکاری ده‌روونی فاکته‌ری سه‌ره‌کیه له‌ڕوودانیاندا . دووه‌م : ئه‌و تێکچوونانه‌ی پێست که هۆکاره ده‌روونیه‌کان ده‌بنه فاکته‌رێک له زیادبوون و درێژخایاندنی تێکچوونه‌که‌ی پێست . سێیه‌م : ئه‌و تێکچوونانه‌ی پێست که ناڕاسته‌وخۆ به‌هۆی نه‌خۆشی ده‌روونی یان ژیریه‌وه له‌ڕێی به‌کارهێنانی داووده‌رمانی ئه‌م نه‌خۆشیانه‌وه په‌یدا ده‌بن . چواره‌م : ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی پێست که له‌ڕووی بۆماوه‌وه وابه‌سته‌ی هه‌ندێ نه‌خۆشی ده‌روونی و ژیرین .له‌ڕێی تێبینیه‌وه ده‌رکه‌وتووه که زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی تووشی نه‌خۆشیه‌کانی پێست ده‌بن له‌وانه‌ن که‌خاوه‌نی یه‌کێک له‌م جۆره که‌سێتیانه‌ن : که‌سێتی دڵه‌ڕاوکێیی ، که‌سێتی هیستیری ، سه‌پێنراوه که‌سێتی . که له‌زۆر باردا ئه‌م که‌سانه خۆپه‌رستن و زۆر له‌خۆیان ڕاده‌مێنن ، هه‌روه‌ها له‌ده‌ست چه‌پاندن ( الکبت ) ده‌ناڵێنن به‌تایبه‌تی چه‌پاندنی هه‌ستی ده‌ستدرێژی کردن و به‌رهه‌ڵستی باوک و دایک به‌تایبه‌تی دایک .ماوه‌ته‌وه بڵێین بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌م تێکچوون و ته‌نگژه ده‌روونیانه‌ی ئه‌م ڕۆژگاره ڕزگار بکه‌ین به‌وانه‌شه‌وه که تووشی پێستمان ده‌بن باشتر وایه هه‌نگاوی خۆپارێزی هه‌ڵنێین و خۆمان له‌سه‌رچاوه‌کانی دڵه‌ڕاوکێ و نائارامی و په‌شێوی به‌دوور بگرین و واز له هیوا و خواستی ناواقیعی بهێنین تاکو دوور بکه‌وینه‌وه له فشاره ده‌روونیه زیاده‌کان و به‌ڕه‌زامه‌ندیه‌وه له شێوه‌ی هه‌ڵکه‌وتووی خۆمان بڕوانین و ڕه‌شبینی وه‌لانێین ....سه‌رچاوه ده‌روونناسی
No comments:
Post a Comment