د. ڕێدار موحه‌مه‌د ئه‌مین
پسپۆری نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان
له‌م چه‌رخه‌ی ته‌كنۆلۆژیاو پێشكه‌وتنه‌دا, ئه‌وه‌نده‌ی مرۆڤ تینووی پشوویه‌كی ڕۆح و حه‌سانه‌وه‌ی جه‌سته‌یه له‌هیچ کاتێكی تردا هه‌ستی به‌م تامه‌زرۆییه نه‌كردووه. چه‌ندین هۆکار له‌پشت ئه‌م ڕه‌وشه‌وه‌یه وه‌ک: ته‌كنۆلۆژیا که‌هه‌موو ژیانی مرۆڤی داگیركردووه‌و هیچ كه‌لێنێكی بۆ ڕۆح نه‌هێشتۆته‌وه. نامۆ بوونی مرۆڤه به‌ناخی خۆی كه‌وا هه‌وڵی نه‌داوه له ده‌روونی خۆی بگات و پێداویستییه ڕۆحییه‌كانی تێر بكات، ئه‌م ههوڵنهدانهی مرۆڤ بۆ تێگه‌یشتن له‌ناخ و ده‌روون ڕه‌نگه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت,كه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی هه‌بێت که له‌لایه‌نی ده‌روونی و كه‌سایه‌تییه‌وه له‌و په‌ڕی كه‌مال و ته‌واویدایه و هه‌ر هه‌وڵێكیش له‌م بواره مانای كه‌موو كوڕی و ناته‌واوی ده‌گه‌یه‌نێت. چونكه به دریژایی مێژوو ئه‌وانه‌ی گرفتی ده‌روونیان هه‌بووه به شێت و كه‌م عه‌قڵ هه‌ژمار کراون و ڕاڤه‌ی جیاواز بۆ هه‌ڵسوكه‌وته نائاساییهكانیان كراوه وه‌ك ئه‌وه‌ی جنۆكه چۆته ناولهشیان, جادوویان لێكراوه, به‌ر نه‌فره‌تی ئاسمان كه‌وتوون و..هتد. هه‌ربۆیه جۆرێك له ترس و شه‌رم لای مرۆڤ دروست بووه كه به‌لای مه‌سه‌له‌ی ده‌روونیدا نه‌چێت.وڵاتانی رۆژئاوا ماوه‌یه‌كه ئه‌م ترس و شه‌رمه‌یان شكاندووه‌و هه‌نگاوی زۆریان له‌مبواره‌دا ناوه، به‌جۆرێک نه‌خۆشی ده‌روونیش وه‌ک هه‌ر نه‌خۆشییه‌کی تری جه‌سته‌یی ئاسایی ته‌ماشا ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه لای ئێمه تێڕوانین له‌به‌رامبه‌ر نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان گرفتێكی گه‌وره‌یه‌و ڕۆشنبیرو سیاسهتمهدارو زانایان به‌ر له‌خه‌ڵكی تر سڵی لێده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وان به‌ر له‌هه‌ر كه‌سێكی تر هه‌موو نه‌خۆشێكی ده‌روونی به‌شێت داده‌نێن. هه‌ربۆیه دان به هیچ گرفتێك یان ئاریشه‌یه‌كی ده‌روونیدا نانێن, نه‌ك هه‌ر ڕاوێژ بهدهروونناسێك ناكه‌ن به‌ڵكو ڕێگه به‌خۆشیان ناده‌ن كتێبێك له‌م باره‌یه‌وه بخوێننه‌وه‌و زۆر جاریش فال و جادوویان پێ له چاره‌سه‌ری ده‌روونی باشتره!.ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی به‌رزترین چینی كۆمه‌ڵگه بۆ ئاریشه ده‌روونیه‌كان نه‌ك هه‌ر گرفتی بۆ ده‌روونناسان دروستكردووه به‌ڵكو ئه‌ركی ڕۆشنبیری ده‌روونیشی قورس‌تر كردووه, چونكه هه‌رگیز ده‌روونناسان به ته‌نیا ناتوانن ئه‌وه‌ی له سه‌ریانه ئه‌نجامی بده‌ن گه‌ر ئاماده‌گی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت, ئه‌م ئامادهگیهش ئه‌و ساته ده‌بێت هه‌موومان دان به‌وه دابنێین که گرفتی ده‌روونی بوونی هه‌یه به تایبه‌تی له‌م ڕۆژگاره‌داو پێویستیشی به ڕاوێژ‌و چاره‌سه‌ر هه‌یه. شاردنه‌وه‌ی ئه‌م گرفتانه‌و په‌نگ خواردنه‌وه‌یان له ناخدا جگه له زیادكردنی گرفته‌كه چه‌ند گرفتێكی جه‌سته‌ییش دروست ده‌کات. كه‌م كه‌س هه‌یه له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ئه‌م ڕاستییه بزانێت كه فشاری خوێن و جه‌ڵته‌ی دڵ و شه‌كره‌و گه‌لێ نه‌خۆشی تریش به هۆی گرفته په‌نگ خواردووه‌كانی ده‌روونه‌وه دروست ده‌بن كه‌ساڵانێكه هه‌وڵی شاردنه‌وه‌یان ده‌درێت.ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌ژین پڕیه‌تی له گرفتی ده‌روونی, له‌بچوكترین تاكی كۆمه‌ڵ بگره تا گه‌وره‌ترین به‌رپرس و سیاسه‌تمه‌دار. باسكردنی هه‌ر گرفتێكی له‌و جۆره‌و هه‌وڵدان بۆ ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنی تاكی كورد توڕه ده‌كات و نكوڵی له هه‌موو كه‌موكوڕییه‌كی له‌م جۆره ده‌كات. كاتێك ده‌ته‌وێت خاڵه لاوازه‌كانی سیاسه‌تمه‌دار یان به‌رپرسێك ده‌ستنیشان بكه‌یت و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی گرفتێكی ده‌روونی بۆ بده‌یت, ئه‌و به‌نرخ دابه‌زاندن و كه‌موكوڕی ده‌زانێت و به مه‌به‌ستێكی سیاسیانه‌ی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌مه‌ش مانای لاوازی كه‌سایه‌تی و بێئاگایی ڕۆشنبیری ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌گه‌ر به چاویلكه‌ی ده‌روونناسێك ڕۆژانه له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كان سه‌یری به‌رپرسه‌كان بكه‌یت چه‌ندین گرێ و گرفتی ده‌روونی به‌دی ده‌كه‌یت, ئه‌و نه‌ك هه‌ر ده‌ركی پێناكات به‌ڵكو هیچ كاتێكیش ئاماده نیه دانی پیادابنێت. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه كه سیاسه‌تمه‌داری كورد تێی كه‌وتووه. ئه‌و خۆی به كامڵ و ته‌واو ده‌زانێت و هه‌موو كه‌سانی ژێره‌وه‌ش به ناته‌واو له قه‌ڵه‌م ده‌دات, بۆیه ئاماده نییه كه‌مترین ئامۆژگاری وه‌ربگرێت, به‌ڵام ئه‌وه نازانێت هه‌ركاتێك مرۆڤ هه‌ستی كرد كامڵ و ته‌واوه, ئه‌وه مانای ناته‌واوی و نائاگاییه له خۆی، هه‌ر ساتێك ئاماده‌نه‌بوو ڕه‌خنه قبوڵ بكات مانای هه‌ست به‌كه‌مزانین و ترسانه له شكست. من لێره‌وه ده‌پرسم چه‌ند ڕاوێژكاری ده‌روونیمان له په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌زگا باڵاكانی حكومه‌ت هه‌یه؟ ئایا چه‌ند به‌رپرسی حیزبی شاره‌زای كه‌مترین وانه‌ی ئهلف و بێی ده‌روونین؟ ئه‌ی ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت جه‌نگی ده‌روونی, ته‌كنۆلۆژیای ده‌روونی, ته‌ندروستی ده‌روونی, كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌روونی چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن؟ ئایا ئێمه له ئاستێكی وه‌ها به‌رزین پێویستیمان به هیچ كام له‌مانه نییه‌و گرفته ده‌روونییه‌كانمان هه‌مووی چاره‌سه‌ر كراون؟ ئایا هه‌بوونی ڕاوێژكاری ده‌روونی مانای بێ متمانه‌یی كه‌سی به‌رپرسه به‌خۆی و بوونی چه‌ند گرفتێكی ده‌روونییه یاخود پێویستییه‌كی حه‌تمیه وه‌ك هه‌ر ڕاویژكارێكی تر؟. ئه‌گه‌ر ئه‌مه خوێندنه‌وه‌ی به‌رپرسێك بێت بۆ پرسه‌كانی ده‌روون ده‌بێت خه‌ڵكی ئاسایی چۆن له‌مه تێبگات؟ چۆن چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ین سیسته‌مێكی نوێی په‌روه‌رده‌یی دابمه‌زرێت تیایدا هۆشیاری ده‌روونی ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بێت؟ ئایا حكومه‌ت ده‌رك به‌وه ناكات دروستكردنی سیسته‌مێكی ده‌روونی دروست له كۆمه‌ڵیك كێشه‌ی گه‌نج و گرفته‌كانی ڕزگاری ده‌كات؟ له‌كێشه‌ی ئالوده‌بوون وتاوانی بچوك بگره تاكوشتن و تیرۆر ڕزگاری ده‌کات؟ جگه له‌مه‌ش هه‌وڵدان بۆ ڕۆشنبیركردن و چاككردنی باری ده‌روونی خه‌ڵك به‌هه‌ر شێوازێك ڕاده‌ی به‌رهه‌م و وه‌به‌رهێنان زیاتر ده‌كات, بۆ نموونه ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی به‌یانیان به‌هۆی كۆمه‌ڵیك كێشه‌ی ده‌روونییه‌وه به‌ڕووی گرژه‌وه به‌ره‌و فه‌رمانگه ده‌ڕوات ڕه‌نگه ببێته ئاسووده‌ترین مرۆڤ و چالاكترین فه‌رمانبه‌ر!.ئاسته‌نگێكی تری به‌رده‌م ڕۆشنبیری ده‌روونی نائاماده‌یی كۆمه‌ڵگه‌یه, ئه‌ویش ڕه‌نگه به‌هۆی ئه‌وه‌وه بێت ئه‌و پێی وایه هه‌موو گرفتێكی ده‌روونی چاره‌سه‌ری لای پیاوانی ئایینیه, دیاره كه‌س ناتوانێت له‌ڕۆڵی ئایین و پیاوانی ئایینی له چاره‌سه‌ری ده‌روونی که‌م بکاته‌وه كه‌هه‌میشه وه‌ك پزیشكێكی ڕۆحی چه‌ندین كێشه‌و گرفتی ده‌روونییان چاره‌سه‌ركردووه, به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌و كاته سه‌ر هه‌ڵده‌دات كه ئه‌مان بڕوایان وابێت ده‌توانن هه‌موو نه‌خۆشیه ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌كان چاك بكه‌نه‌وه. ئه‌م متمانه بێسنووره‌ی خه‌ڵك به‌م پیاوه ئایینیانه له‌چاككردنه‌وه‌ی هه‌ر نه‌خۆشی و گرفتێكی ده‌روونی وای لێكردوون ئه‌وه‌نده بایه‌خ به ڕَۆشنبیری ده‌روونی نه‌ده‌ن چونكه ئه‌وان ده‌رمانخانه‌یه‌كی نزیكتریان له‌به‌ر ده‌سته. جگه له‌وه‌ش به‌بڕوای ئه‌وان پزیشكی ده‌روونی پزیشكی شێته‌کانه نه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی. لهگهڵً ئه‌مه‌شدا نه‌وه‌ی نوێ خۆی له‌م بازنه‌ی بێئاگاییه ده‌رهێناوه‌و به‌دوای زانیاری و ڕۆشنبیریی ده‌روونیدا ده‌گه‌رێت. ئه‌مه‌ش لێپرسراوێتی زیاتر ده‌خاته سه‌رشانی حكومه‌ت كه هه‌نگاوی خێراتر بهاوێژێ له‌پێناو دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌رون درووستدا که‌تێیدا ڕۆشنبیریی ده‌روونی ڕۆڵی گرنگ ببینێت له چاره‌سه‌ركردنی كێشه ئاڵۆزه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا. ده‌روونناسان و كۆمه‌ڵناسان وه‌ك ڕاوێژكار له بڕیار‌و پرسه گرنگه‌كاندا ڕاوێژیان پێ بكرێ نه‌ك بخرێنه سوچێكی فه‌رمانگه‌یه‌ك و بۆشاییان پێ پڕبكرێته‌وه.......مالبةرى دةروونناسى
No comments:
Post a Comment