ده‌روون دروست ده‌روون نه‌خۆش


ده‌روون دروست … ده‌روون نه‌خۆشنەخۆشی دەروونی هەتا ئەمڕۆ بەکێشەیەکی فکری و زانستی و فەلسەفی دادەنرێت وهەردەم جێی توێژینەوەو بەدواداچوون و چاودێری و دیالۆگ بووە.لەسایکۆلۆژیادا مەرج نییە هەر کەسێک نیشانەی نەخۆشی تێدا نەبوو یاخود پێوەی دیارنەبوو، ئیتر بەدەروونساغ هەژمار بکرێت. ئەم جیاکارییەکە لەبواری جەستەیی و تەندرووستی ئەندامیدا ئاسانترەو لەوێدا دەکرێت بڵێین هەردوو چەمکی لەشساغ و لەشنەخۆش پێچەوانەی یەکترن. واتا ئەگەر کەسێکی لەشساغ لەلای خۆیەوە هەستی بەنەخۆشی نەکردو پێوەرو پشکنینە پزیشکییەکانیش هیچ نەخۆشییەکیان بۆ تۆمار نەکرا، مانای وایە ئەو کەسە لەباری لەشساغیدایە. بەڵام دەروونساغی بەجۆرێکیتر لێکدەدرێتەوە، لەمێژە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیWHO لەپێناسەکردنی درووستی دەروونیدا دەڵێت: ئەو حاڵەتەیە کە تیایدا حەوانەوەو پشووی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرقەرارەو هەر بەتەنها بریتی نییە حاڵەتی نەبوونی نەخۆشی.لەلایەکیترەوە ناکرێت هەر کەسێک ڕەفتاری نائاسایی لێوەشایەوە ئیدی وەک نەخۆشان ناوزەد بکرێت. چەمکی ڕەفتارنەخۆش هەرگیز هاوواتای چەمکی دەروون نەخۆش نییە. دەشێت کەسێکی دەروونساغ لەهەڵوێستێکی دیاریکراودا ڕەفتارێکی سەرپێی ئەوتۆ بنوێنێت، کە بەهەموو پێوەرەکانی نەخۆشی دەروونی، بەنیشانەیەکی نەخۆشی تۆمار بکرێت، بەڵام ئەنجامدەری ئەو ڕەفتارە لەتەواوی هەڵوێستەکانی دیکەدا مرۆڤێکی ئاسایی بێت و بەدەست هیچ کێشەو گرێ و نەخۆشییەکەوە نەناڵێنێت. بۆیە ناکرێت بەیەک ڕەفتارو یەک هەڵوێست بڕیاری ساغی وناساغی دەروون بەسەر کەسێکدا بدرێت. لەدرووستی دەروونی و تەنانەت لەژیانی ڕۆژانەشدا، دەسنیشانکردنی مرۆڤی دەروون نەخۆش، زۆر ئاسانترە لەدیاریکردن و ناساندنی مرۆڤی دەروونساغ. شارەزایان هاوڕاو کۆکن سەبارەت بەئەوەی کە نەخۆشی دەروونی بریتییە: (لەدڵەڕاوکێی بەردەوام یان پەشێوی فکری) یان هەستکردنە بەناڕازی بوون یان هەستنەکردنە بەدڵئارامی. ڕەفتارێکە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدەدرێت نە خۆی نەکەسانیتر پێی ڕازی نین، ئەمەش دەرئەنجامی قەیران و ململانێیەکە پەیوەستە بەگەشەو پەرەسەندنی مێژووی تەمەنی مرۆڤەکەوە لەقۆناغی منداڵییەوە، یان بەو گرفت و لەمپەڕو ئەزموونانەوە کە ڕووبەڕووی ژیانی ئێستای کەسەکە دەبنەوەو ناتوانێت بەلێهاتوویی چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە لەئاکامدا ڕەفتارەکانی بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵگاو کولتوری دەوروبەری، بەسروشتی و ئاسایی هەژمار ناکرێن. بەڵام سەبارەت بەدەروون درووست و مرۆڤی ئاسایی، ناکۆکی و ڕای جیاواز لەنێوان پسپۆڕو شارەزایاندا هەیەو هەریەک بەپێی ئایدیۆلۆژیاو باگراوندی هزری خۆی، دەستنیشانی دەکات. (فریتز پێرلس) پێیوایە مرۆڤی دەروونساغ باوەڕی بەخۆیەتی و ڕەفتارەکانی ئاوێنەی ئەزموونی ئێستاو بیرکردنەوەی هەنووکەن، نە کۆتی یادەوەرییەکانی ڕابردووەو نەگیرۆدەی پێشبینییەکانی ئایندەیەتی. (یۆرگن ڕۆیچ) دەڵێت: کەسی دەروونساغ بەسانایی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا پەیوەندی دەگرێت وبەبێ ترس گوزارشت لە هزرو هەڵچوونەکانی دەکات و سەربەست و ڕاشکاوانە خۆشەویستی دەکات. بەلای (ولیام پلاتز)ەوە دەروونساغەکان دڵئارامی سەربەخۆن، لەبریاردان و تێرکردنی پێداویستی و چارەسەرکردنی گرفتەکانیاندا، پشت بەکەسانیتر نابەستن و چاویان لەدەستی کەس نییە. بەلای هەندێکیترەوە کەسێتی دەروون درووست کەسێکی ئازادو بەرپرسیارەو ڕەفتارەکانی نە لەحەزو ئارەزووە سەرچڵەکانی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و بۆ ڕازیکردنی دڵی خەڵکیش نایانکات. ئەمانە نموونەیەک ڕای جۆراوجۆرن بۆ وەسفکردنی مرۆڤی دەروونساغ. بۆ تێگەشتنی زیاترو ڕۆشنکردنەوەی ئەو چەمکە، باشتروایە کەسی ئاسایی و سروشتی بهێنینە بەرچاو، ئاسایبوونی Normality تاکەس مانای گونجانی تاکە لەگەڵ خۆی و دەوروبەرەکەیدا، ئەو کەسە هەست بەئاسوودەیی دەکات وئامانج وفەلسەفەی درووست بۆ ژیانی خۆی دیاری دەکات ولەهەوڵیشدایە بۆ بەدی هێنانیان. واتا کەسێکی باوی ئاساییەو لەبیرکردنەوەو هەستونەست و چالاکیدا وەک زۆرینەی خەڵکی وایە، لەڕووەکانی کەسێتی و هەڵچوونی وکۆمەڵایەتییەوە، گونجاوو ئاسوودەیە. کەواتە ئاسایبوونی تاکەس بەندە بەوابەستەبوونی کەسەکەوە بەو مەرجانەوە کە کۆمەڵگاکەی خۆی بۆی داناوە وهاوکات بەندە بەڕادەی وابەستەبوونی تاک وگروپەکانی کۆمەڵگاکەوە بەمەرجەکانەوەو کەهەمووان وەک یەک لێی ناڕوانن.مالبه رى ده روونناسى

No comments:

Post a Comment